بارزانی: پێویستە ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنكاران پیشەییانە مامەڵە بكەن

سەرۆکی پارتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەبۆنەی ١٢٧ هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكاران لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن". 

مەسعود بارزانی سەرۆکی، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم".

دەشڵێت" ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان". 

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت" لەو یادەدا داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرك و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و ڕەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن". 



AM:10:03:22/04/2025