سبەینێ بە ئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتی، دیداری یەكێتی لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
كاروان گەزنەیی، وتەبێژی دووەمین دیداری یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، سبەینێ چوارشەممە، دووەمین دیداری گشتیی یەكێتی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال و سەرپەرشتیاری دیدار لە هۆڵی پێشمەرگە لە سلێمانی کاتژمێر ١١ی سەر لەبەیانی بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی ناوبراو دیدارەكە ئامانج لێی داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی تازەی یەكێتی بە بەشداری كادرانی یەكێتی.
وتیشی" یەکێتی مەبەستیەتی بۆ هەلومەرجی نوێی ناوخۆیی و ناوچەیی و خۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخەكان، ستراتیژ و سیاسەتی خۆی بە بەشداری كادرەكانی دابڕێژێتەوە، كە ئەمەش مۆدێلێكی نوێیە لە حزبایەتی".
ئاماژەی بەوەشكرد، بەیانی زیاتر لە ٥ هەزار كادری یەكێتی بەشداری دیداری دووەمی یەكێتی دەكات، داوایان لێدەكەین پابەندی ڕێنماییەكانی هاتووچۆ و ژینگەییەكان و هێزە ئەمیینەكان و ئاگاداری ڕۆژنامەنووسان بن تاوەكو لە كەشێكی ئارامدا دیدارەكە بەڕێوەبچێت بە ڕەچاو كردنی دۆخی خەڵكی سلێمانی.
کاروان گەزنەیی وتیشی" لە ماوەی ڕابردوودا ٩ كۆنفڕانس لە شار و شارۆچكەكان ئەنجام دراوە بە بەشداری زیاتر لە ١٢ هەزار كادری ئۆرگانە جیاجیاكانی یەكێتی، كە تیایدا ٧٠ پڕۆژە و زیاتر لە ٢ هەزار سەرنج و پێشنیاز پێشكەش كراون".