ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا بابەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و بارودۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە و لە دیدارێکدا جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوەکو کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات.
دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کرایەوە لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لە سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی بۆ ئەم پرسە نیشتمانییە کردەوە و ڕایگەیاند، یەکگرتوویی کورد و پشتگیریی کردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە هانی هەموولایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.