رێنمایی نوێی تۆمارکردنی تاکسی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو تەكسیانەی كە ستاندارە تایبەتەكانی ژینگەیی و تەكنیكیان هەیە و بە فەرمی هێنراوەتە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن". 

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥ بە نوسراوی ژمارە ١٢٨٧١، لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.

بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە:  ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو ڕێنوێنیانە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێدەدرێت.

هەر بەپێی رێنوێنییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردەکراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنیا ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕینی تاکسی.

هەروەها لە رێنوێنییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، ٧٤ جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین، ٨٩ جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.



PM:09:34:28/04/2025