میترۆ: هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە گفتوگۆی دیموكراسییە

رۆژی ٣ی ئایار سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە یادی ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری دا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وێرای بەرزراگرتنی ئەم یادەدا، لەم بۆنەیەشدا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و داوای باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەنووسان و ئازادكردنی حوكمدراوان دەكات. 

‎سەنتەری میترۆ رایگەیاند"ژیریی دەستكرد ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان".

سەنتەری میترۆ دەشڵێت"  هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ دربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی، ئەمەش پێویستی بە فرەیی راستەقینەی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، دوور لە گوشار و پێشێلكاری و بە دابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان. لەم بۆنەیەدا".

سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زەمینە خۆش بكات تا میدیا ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران و تاوانكارانی بەرامبەر میدیاكاران ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لە سزا.

لە راگەیەنراوەکی سەنتەری مێترۆ هاتووە "  با ڕۆژی ئازادی رۆژنامەگەری بكەرێتە دەرفەتێك بۆ بە پێداچوونەوە بە حوكمە دادوەرییەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، "شێروان شێروانی" و "قارەمان شوكری" و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر "ئومێد پەروشكی" و ئازادكردنیان".

هەروەها میترۆ جەخت لە رۆڵی گرنگی میدیا دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوە زانیاری و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، ڕووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و رتكردنەوەی گوتاری رق وكینە و كۆتایهێنان ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و پاراستنی تایبەتمەندی و جیاكردنەوەی رەهەندی گشتی و رەهەندی كەسی تایبەت، لە بڵاوكردنەوەدا. 




AM:11:31:03/05/2025