کەشناسێکی دیاری کورد ڕایدەگەیەنێت" لە ھەندێ شوێن ئەگەری ھەورە بروسکەی بەھێز و تاوە بارانی بەخوری کورتخایان هەیە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئێستادا کەشی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان سەقامگیرە و ھەورە بروسکە و تەرزە و بارانی بەخوڕیش لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامی ھەیە و لە ھەندێ شوێندا بەھۆی بەھێزی ھەورە بروسکەکانەوە ئاگربەربووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا حاڵەتێکی نوێ ھەورە بروسکە و باران لە باکوری سعودیەوە روویکردۆتە ناوچەکانی ئەوپەری باشور و باشوری رۆژھەڵاتی عێراق و ئەگەر ھەیە سبەی یەکشەممە لە کاتەکانی بەیانیەوە بە لاوازی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بگرێتەوە و پاشان حاڵەتەکە چالاک دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لە ھەندێ شوێنی سنوری ھەردوو پارێزگاکە ئەگەری ھەورە بروسکەی بەھێز و تاوە بارانی بەخوری کورت خایان دەبێت، بەڵام لە زۆربەی شوێنەکان رێژەی بارانەکە کەم دەبێت و ھەورە بروسکەکان بەھێزە بن باشترە سەردانی ناوچە شاخاویەکان نەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتەکانی نیوەرۆ ئەگەری چالاکبوونەوەی ھەورە بروسکەکان دەبێت بۆ ناوچەکانی ئیدارەی سۆران و راپەرین لەو ناوچانەشدا ئەگەری چەند تاوێک بارانی بەخور و کورت خایان دەبێت و بەگشتی ئەم حاڵەتە تا کاتەکانی شەو بەردەوامی دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ دوو پلە نزمدەبنەوە، خێرای با مامناوەند دەبێت ١٠ - ٢٠ کم/ک ئاراستەی با باکوری رۆژھەڵات.