کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" سبەی کاریگەری خۆڵبارین زیاتر دەبێت و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە". دەشڵێت" لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند" لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی جەمسەری باکور لە ئەمڕۆوە کەشێکی ناجێگیر لە ناوچەکانمان دەستیپێکردوە لە ئێستاشدا خۆڵبارینێکی چر لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق دروستبووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھاتنە ناوەوەی ئەو ھەوا فێنکەی لە دەریای ناوەراستەوە ھەڵیکردووە بۆ سبەی سێشەممە کاریگەری ئەو خۆڵبارینە زیاتر دەبێت و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە بە تایبەتیش ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و ھەڵەبجە و سلێمانی خۆڵبارینەکەی چرتر و زیاتر دەبێت.
ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، بای باشور و باشوری رۆژئاوا لەسەر ناوچەکان چالاک دەبێت بە خێرای ٢٠-٥٠کم/ک لە ھەندێ کات و شوێنیشدا ھەورە بروسکە چالاکەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی بڕێکی کەم باران.
ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٤ پلە نزمدەبێتەوە و رۆژانی داھاتووش بەھۆی مانەوەی ئەو بارستە ھەوایە پلەی گەرمی زیاتر نزمەبێتەوە لەگەڵ بەردەوامی خۆڵبارین و با.
ئەو کەشناسە کوردە پێشبینیش دەکات، رۆژی پێنجشەممە لە کۆتای ئەم حاڵەتەدا ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزەش دەبێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و سەنتەری پارێزگاکە و وە ناوچە شاخاوییەکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی سۆران و پاشان ئێوارەی پێنجشەممە کۆتای پێدێت، هەروەها لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پلەکانی گەرما پلە پلە رۆژانە روو لەبەرزبوونەوە دەکاتەوە.