دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە کەناڵی بەغدادییە کە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی مانگی دەستکردی عێراقییە بەرنامەکانی بە زمانی عەرەبی پەخش دەکات، هەواڵی "ڕفاندنی" پێشکەشکارێکی کەناڵەکەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.
کەناڵی بەغدادییە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی خەیال، پێشکەشکاری کەناڵەکەمان لە کاتی وەرزشکردندا لە شاری هەولێر ڕفێندراوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" سەلامەتی گیانی هاوپیشەکەمان لە ئەستۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد تەمیم، وەزیری پیلاندانانە".
هەروەها کەناڵەکە ڕاشیگەیاندووە" محەمەد تەمیم، وەزیری پیلاندانانی عێراق لە ماوەکانی ڕابردوودا هەڕەشەی لە عەلی خەیال کردووە و سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە، لێرەوە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە فشار لەسەر حکومەتی فیدراڵ بکەن بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر و ئازادی ڕۆژنامەوانی فەراهەم بکەن".