دەمپارتی: پێویستە حکومەتی تورکیا ڕێکاریی یاسایی بۆ پرسی چارەسەری دەستپێبکات

هاوسەرۆکی دەمپارتی ڕایگەیاند" پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد، دەبێت سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێراوەکان بگەڕینەوە سەرکارەکانیان و قەیومەکان لاببرێن".

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ناسراو بە دەمپارتی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆبوونەوەی حکومەتە خۆجێییەکان لە ئامەد ڕایگەیاند" ڕەنگە پەیوەندییە مێژوییەکانی کورد و تورکیا لە سەدەی ڕابردودا تێکچووبێت و جەوهەری پرسی کورد نەبوونی ڕێککەوتنێکی دو قۆڵییە و وەرنەگێڕانیەتی بۆ دەقێکی یاسایی نوسراو. "

باکرهان ئاماژەی بەوەدا، زۆر گرنگە لە ئێستاوە دەوڵەت هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، پێویستە ئەو پڕۆسەیە لە پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکرێت. 

هاوسەرۆکی دەمپارتی ڕایگەیاند" تا ئێستاش قەیوم بۆ ١٠  شارەوانیمان دانراوە، بە گشتی ١٣  لە هاوسەرۆکانی شارەوانیمان هێشتا لەکاتی دەستبەسەرکردندان و دادگایی دەکرێن، بۆ ماوەی سێ خولە هەمان شت بەردەوامەمم دەبێت ئەو سەرۆک شارەوانییانە بگەرینەوە سەر کارەکانیان و قەیومەکان لاببرێن." 




PM:02:05:25/05/2025