دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆژی دانیشتنی یەکەمی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کرد کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵی دادگەرییەوە پێشکەش کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند" پاش ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە لە دادگای باڵای فیدراڵی بە ژمارە (٨٨/ئیتیحادی/٢٠٢٥) داوامان لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد، دادگاکە ڕۆژی ٦ی ٧ی ٢٠٢٥ی وەک ڕۆژی دانیشتنی یەکەمی دادگا بۆ دادبینی سکاڵاکەی ئێمە دەستنیشانکرد".
وتیشی" لە سکاڵاکەماندا داوامانکردووە دادگا بڕیاربدات بە:هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا، وەرگرتنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە ماددیانەی کە (٩٧) پەرلەمانتار لە ماوەی ڕابردوودا وەریانگرتووە لەبەرئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە".
عومر گوڵپی ڕاشیگەیاند" پێمانوایە ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێک دیزاینکران کە پەرلەمان نەوەک ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات و ببێتە مەرجەعی باڵاو پارێزەری خەڵک و کیانی هەرێمی کوردستان و چاودێر بەسەر حکومەتەوە، تەنانەت توانای ئەوەی نییە کۆبوونەوەی یەکەمی ئاسایی خۆی بەڕێوەبەرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت بۆیە پەرلەمانی لەوجۆرە شایستەی خەڵکی کوردستان نییە".
دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، تا ئێستا پارتی و یەکێتی کە براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکەن، لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکنەکەوتوون.