هەرچەندە ئەو دوو دۆنم زەوییەی درابوو بە کوڕی وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل بۆ دروستکردنی کافێ و ریستورانت، بەڵام ئێستا بیناکەی کردووە بە ٢٠ نهۆم و زیاتر لە ١٥ نهۆمی دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون.
هەفتەی رابردوو لە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی جارێکی تری پرسی زەوی کوڕی وەزیری پێشمەرگە بووەوە بە باسی ئەنجومەنەکە، ماڵپەڕی " سپی " هەوڵی دا زانیاری لەسەر نوێترین هەڵوێستی ئەنجومەنەکە بزانێت، سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنەکە، تەنها هێندەی ئاشکراکرد کە کوڕی وەزیری پێشمەرگە هەموو کارەکانی لە هەولێرەوە تەواو کردووەو فەرمانی بۆ وەرگرتووەو ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لێی بەرپرس نییە.
بەپێی بەدواداچوونی " سپی " بیانەکە ٢٠ نهۆم بەرزکراوەتەوەو لە باشترین حاڵەتدا تەنها سێ نهۆمی دەکرێت بە ریستۆرانت و کافێ، ئەو دوای نهۆمەکانی تری دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون، واتە رەگەزی پرۆژەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە بەرهەمهێنانەوە، بەشی زۆری دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون.
زەویەکە نزیکی دوو دۆنمە( ٤ هەزارو ٦٩٠ مەترە و لەتەنیشت هۆتێل تایتانیکە)، وەک دەخەمڵێنرێت نرخەکەی نزیکە ١٤ ملیۆن دۆلار دەکات.
لە ناوەڕاستی ٢٠٢٢ەوە کوڕی وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل هەوڵیداوە رەگەزی پڕۆژەکە لە وەبەرهەمهێنانەوە بگۆڕێت بۆ نیشتەجێبوون، بەڵام لە ژێر فشاری میدیا و رای خەڵکدا ئەو داوایە رەتکرایەوە.
ئەم زەویە کە دەکەوێتە سەر شەقامی شەست مەتری لە تەنیشت هۆتێلە تایتانیکەو جگە لە گۆڕینی جۆرەکەی بۆتە دیوارێکی کۆنکرێتی بەرز لەبەردەم چیای گۆیژەدا.
چۆنێتی پێدانی ئەم زەویە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی، بە گوێرەی نوسراوی ژمارە ٥٣٧٣ لە رێکەوتی٩/١١/٢٠٢٠ کە لە لایەن توانا کەمال جەلال، بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی سلێمانی ئاراستەی وەبەرهێنانی سلێمانی کراوە، زەوییەک کە رووبەرەکەی ٤٦٩٠ مەترە بۆ ( س ) شۆڕش ئیسماعیل، کوڕی وەزیری پێشمەرگە تەرخانکراوە تا بکرێت بە پرۆژەیەکی وەبەرهەمهێنان کە پێکهاتبێت لە کافێ و ریستورانێتێکی براندی جیهانی، لە گرێبەستەکەدا جەخت کراوەتەوە کە نابێت بیناکە لە شەش نهۆم زیاتر بێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارێکی پێشوەختەی شارەوانی سلێمانی هەیە کە نابێت هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر شەقامی شەست مەتری بکرێت، هاوکات هەر جۆرە بینایەکی تریش دەکرێت نابێت لە پێنج ئەو پەڕی شەش نهۆم زیاتر بێت، ئەم زەویە لەلایەکەوە جۆرەکەی گۆڕاوە، لەلایەکی تریشەوە کراوە بە ٢٠ نهۆم.