تەندروستی سێ کەسی بیانی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزی دەستنیشانکرد


وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشکرای دەکات کە سێ ئافرەت کە بیانیبوون و لە ساڵۆنەکان کاریان کردووە، دەستنیشان کراون کە نەخۆشی ئایدزیان هەیە.

لە راگەیاندنێکدا ٢٦ ی ئایار وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە " دوای پشکنینی تاقیگەیی ڕۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتیەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستی گشتی، سێ حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئەیدز لەلایەن تیمەکانی تەندروستی دەستنیشانکرا کە لە ساڵۆنەکانی ئافرەتان کاریان دەکرد و هەموویان بیانی بوون و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادارکرایەوە و ڕێککاری پێویست وەرگیرا".

‎وەزارەتی تەندروستی هۆشیاری دەدات بە هاوڵاتیان کە خۆیان دوور بگرن لە شوێنی نافەرمی، پێویستە سەردانی شوێنی فەرمی بکەن و لە شوێنە گشتیەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن و لە هەر گومانێک لە نەبوونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی نا تەندروست ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە لەڕێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی یان سندوقی سکاڵا تیمەکانی تەندروستی ئاگادار بکەنەوە.

بەپێی راگەیاندنێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤ ٤٧ حاڵەتی ئایدز تۆمار کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٧٢ حاڵەتی نوێی ئایدز لە هەرێم تۆمارکرابوو کە بەشی زۆریشیان خەڵكی دەرەوەی كوردستان بوون، لە هەولێر٤٧  حاڵەت و ٣٠ لە سلێمانی و لە دهۆكیش ١٠ حاڵەت بوو. 




PM:10:13:26/05/2025