"تەنها کوشتارگەکان رێگەپێدراون بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان"

قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان بڕیاردراوە جگە لەمەیدانی ئاژەڵان، لە هیچ شوێنێکی دیکە کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە نەکرێت و تەنها کوشتارگەکان رێگەپێدراون بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان". 

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دەسەڵاتە خۆجێییەکان بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتن و سەربڕینی ئاژەڵی قوربانییان داوە لە دەرەوەی ناوچەی دیاریکراو بۆ ئاژەڵی قوربانی و کوشتارگە فەرمییەکان". 

جەختیشیکردەوە، بڕیارەکە بە درێژایی جەژنی قوربان جێبەجێدەکرێت.

ڕوونیشیکردەوە کە تەنها سەربڕخانەکان ڕێگەپێدراون ئاژەڵی قوربانی سەربڕن، هەروەها گۆشتەکە دوای سەربڕین پشکنینی وردی ڤێتێرنەری بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و گونجاوی بۆ خواردن، بەڵام سەربڕین لەناو ناوچەکە یان هەر شوێنێکی تری بێ مۆڵەت قەدەغەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکان لە گواستنەوەی نەخۆشی لە ڕێگەی سەربڕینی بێ جیاوازی لەو شوێنانەی کە کەوتوونەتە ژێر چاودێری ڤێتێرنەری و تەندروستییەوە.



PM:03:07:28/05/2025