"بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ"

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی لە هەڵوێستی ئەمریکا دەکەین" دەشڵێت" بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستانەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كۆبوه‌ته‌وه‌ و بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا". 

دەشڵیت" لە سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگی سەردانەكە كرد و ڕوونیكردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی دەڕوانێت، سەرۆك وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی بە گرنگ وەسف كرد بە ئاراستەی پتەوكردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریكردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە سەرجەم كۆبوونەوەكاندا، هەردوو لایەن دووپاتیان لە بەهێزتركردنی پێوەندی هاوبەشی نێوانیان كردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و هەرێمێكی كوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق". 

دەشڵێت" سەبارەت بەكۆبوونەوەی شاندەكە لەگەڵ ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، سەرۆك وەزیران ستایشی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی كرد تایبەت بە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان كە پابەندبوونی ئەمەریكای بە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریكای دووپات كردەوە بۆ پشتگیریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا و دابینكردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەكانی هەرێم، كە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو". 

هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ میوانداریكردنی هەرێمی كوردستان لە پەنابەر و ئاوارەكان و پاراستنی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەكان.

دواتر هەریەك لە ئەندامانی شاندەكە بەپێی تایبەتمەندی خۆیان، وردەكاری زیاتری كۆبوونەوە و دیدارەكانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.

ئەوەش هاتووە" لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی سەردانەكە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەكەی لە قەوارەی دەستووری هەرێم و زامنكردنی پیادەكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور". 

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ كە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵی و برەودان بە وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و گاز بەگوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەكەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان.



PM:03:54:28/05/2025