لە هەفتەیەکدا سوپای تورکیا ١٢٨ هێرشی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان


رێکخراوی cpt ی ئەمەریکی رایگەیاند کە لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای تورکیا ١٢٨ هێرشی کردۆتە سەر ناوچەکانی چیای مەتین و چیای گارە.
کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی ئاشتی ئەمەریکی رۆژی هەینی ٣٠ ی ئایار لە پۆستێکدا دەڵێت" سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر سنوری قەزای ئامێدی".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " لە ڕۆژی ٢٤ی ئایارەوە سوپای تورکیا (٨٣) جار هێرشی کردۆتە سەر چیای نزارکێ، لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی. تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبوون و هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی تۆپخانەکانیەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردووە".

" لە هەمان کاتدا، بەتەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، سوپای تورکیا (٤٥) جار تۆپبارانی گوندەکانی (بەری گارێ)ی لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی کردووە". ( کامەران عوسمان ئەمەی راگەیاندووە).

کامەران عوسمان دەشڵێت " بەمەش لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە (١٢٨) هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە. هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی تۆپباران و هێرشەکان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی".

ئەم هێرشانەی تورکیا لە کاتێکدایە کە لە سەرەتا مانگی ئایارەوە پەکەکە بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەو راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر سوپای تورکیا دەرکردووە.




PM:08:50:30/05/2025