بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا ١٢٢ هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان لە رووی داهاتەوە هاتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و داهاتی مانگانەیان ناگاتە ١٨٥ هەزار دینار.
کوێستان محەمەد وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە" ٢٠٥ هەزار خێزان لەهەرێمی کوردستان داهاتی مانگانەیان لەخوار ١٨٥ هەزار دینارەوەیە و هەرچەندە داواکراوە لە بەغداد بودجە بۆ ئەو ژمارە خێزانە دابینبکات، بەڵام هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکردوون".
دڵشاد محەمەدیش لە رێگای هەمان کەناڵەوە دەڵێت" تاوەکو ساڵی ٢٠١٢ لە هەرێمی کوردستان ٨٣ هەزار خێزان لە خوار هێڵی هەژاری تۆمارکرابوون، بەڵام پاش ١٣ ساڵ ئامارەکە بۆ ٢٠٥ هەزار خێزان زیادیکردووە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدا حوکمڕانانی هەرێم وەک خێزانە ملیاردلێرەکانی خەلیجیان لێدێت و هەمان مۆدێلی ژیان و حوکمرانی گەشە پێئەدەن، لەکاتێکدا کۆمەڵگاکە بەرەو بەسۆماڵبوون و یە یەمەنبوون دەڕوات. ئەگەر هەرخێزانێک لەو ٢٠٥ هەزار خێزانە لە ٤ یان ٥ کەس پێکهاتبێت، ئەوا ژمارەی گشتیی ئەوانەی لە هەرێمدا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤە.