مەزڵوم عەبدی داوای کردوە چاوی بە ئۆجەلان بکەوێت

لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا فەماندەی گشتی هەسەدە داوای کردوە ڕێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمڕالی ببینێت، بەڵام تورکیا ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئەو فەرماندە کوردەدا کۆبونەوەی فەرمیان ئەنجام دابێت. 

ڕۆژنامەی جمهورییەتی تورکیا بڵاویکردەوەم مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ناسراو بە هەسەدە، دەیەوێت بێتە تورکیا و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە کۆببێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی جمهورییەت بڵاویکردەوەتەوە، عەبدی ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ ئۆجالان لە ئیمرالی لەسەر پرسی دانانی چەک کۆببێتەوە، بۆ ئەم کۆبوونەوەیە داوای مۆڵەتی لە دەسەڵاتە فەرمییەکانی تورکیا کردووە.

لەو بارەیەوە عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان ناسراو بە ئاکەپە ڕایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی  تورکیادا نەبووە، ئەگەر بڕیارێک بدرێت بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنرێت سەبارەت بە دانانی چەک و وێنەیەک دەربکەوێت سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم کارە، ئەوا ڕێکخراوی هەواڵگریمان پەیوەندییان پێوە دەکات.



PM:12:46:06/06/2025