کەشناسی پێشبینی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات

دەستەی کەشناسی عێراق وردەکارییەکانی لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتووی ڕاگەیاند کە پێشبینی باران لە ناوچەکانی باکور دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە" سبەی شەممە ئاسمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ساماڵ دەبێت و لە ناوچەکانی باکوور نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ بارینی بارانێکی سوک لەگەڵ ڕەشەبا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتی کەمێک بەرزدەبێتەوە". 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئاسمان بۆ ڕۆژی یەکشەممە بەشێوەیەکی گشتی ساماڵ دەبێت، و پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور هاوشێوە رۆژانی پێشوو دەبن و لە ناوچەکانی باشووریش کەمێک بەرزتر دەبن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەد هاتووە" بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتووش ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ نیمچە هەور و ئەگەری هەورە بروسکەیەکی سوک لە ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەی باکوور هەیە، هەروەها پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور بەرزدەبنەوە و لە ناوچەکانی باکووریش هاوشێوەی رۆژانی پێشوو دەبن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیشکراوەتەوە، بۆ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور، هەروەها پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور کەمێک دادەبەزن و لە ناوچەکانی باکوور هاوشێوەی رۆژانی پێشوو دەبن. 



AM:12:06:07/06/2025