پزیشکانی ناڕازی کۆتا مۆڵەت بە وەزیری تەندروستی دەدەن

دەستەی پزیشکانی ناڕازی دوایین مۆڵەت بە وەزیری تەندروستی هەرێم دەدەن، بەمەبەستی کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

نوێنەرایەتی دەستەی پزیشکانی ناڕازی، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەداخەوەین کە بڕیاری شکاندنی بایکۆت بڕیارێکی دەستەجەمعییانە نەبوو، بەڵام متمانەمان بە نیازپاکی و هەڵوێستی نوێنەرانی دامەزراوی هەولێر هەیە کە لایەنە شاراوە و نەشاراوەکانیان لەبەرچاو گرتووە بۆ نەگەڕانەوە بۆ دەستەکە، داواکاریی پزیشکان هەر ئەوەیە کە بەڵێندراوە و هیوادارین بڕیاری متمانەکردنیان بە لایەنانی بەڵێندەر لەجێی خۆی بێت". 

دەشڵێن" یەکگرتنە کوردستانییەکە هەژموونێکی سەرەتایییە بۆ پزیشکان و لە هەڵوێستەکانی داهاتوو دەکرێت لێکتێگەیشتنەکان باشتر بکرێن، بەڵام لە ئێستادا و بەتایبەت وەک نوێنەرانی پزیشکانی دانەمەزراو، داوا لە سەرجەم پزیشکانی دامەزراو دەکەین کە بایکۆتەکە بەسەرکەوتوویی لە قەڵەم بدەن، لە دوای ئەو ڕاگەیەندراوە سەرپشک بن لە بڕیاردان لەسەر شکاندنی بایکۆتەکە وەک هەولێر، هەروەها تاکوو ١٨ی حوزەیران، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دابێت، دەرفەت بە وەزیری تەندروستی بدەن". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوێک لەلایەن نوێنەرایەتی دەستەی پزیشکانی ناڕازی

دوای ماوەیەکی زۆر لە بێ هەڵوێستی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە کێشەی دامەزراندن، سەرجەم پزیشکانی گەنجی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، سۆران، ڕانیە و قەڵادزێ بایکۆتی نەخۆشخانەکانیان دەست پێ کرد بە هیوای چارەسەرێک بۆ کێشەکە.

ڕوونکردنەوە:

وەک کاردانەوەیەک بۆ بایکۆتەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەولێر، بارزان قەساب، پێداگری لەسەر دانیشتنێک لەگەڵ نوێنەرانی پزیشکانی دامەزراوی هەولێر کرد. کۆبوونەوەکە لە شیرینیخانەیەکی هەولێر، لە کاتژمێر ٥ی، ٧ی حوزەیران، هاوکات یەکەم ڕۆژی بایکۆت، بە بەشداری هەریەک لە بارزان قەساب، د. خاڵس زیاد، د. موستەفا موکەڕەم، د. تاسان میکائیل، د. عیماد حەسەن، د. یونس کەریم و د. هەژار سەلام، هەروەها بەهۆی هاوقەزیەیی، هەریەک لە نوێنەرانی دانەمەزراوان، د. شکۆ شێرکۆ و د. کەیفی فاروق، ئەنجام درا. بەڕێوەبەری ئاسایش داوای شکاندنی بایکۆتەکەی کرد و پێشنیازی ڕێکخستنی دانیشتنی کرد لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئومێد سەباح، هەروەها بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کاک شەعبان چالی، لە ڕۆژی سێشەم یان چوارشەمی ئەم هەفتەیە، هەروەها لەپاڵ بەڵێنی دامەزراندنی ئێمە؛ ئێمە پێشنیازەکانمان لە ئاستی هەڵوێستە کوردستانییەکە نەدەزانی، بەڵام بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت، پێشنیازی دانوستانمان کرد، بە شێوەیەک ئێمە وادەی شکاندنی بایکۆت، لەبری تا جێبەجێکردنی داواکاری، بۆ هەفتەیەک بگۆڕین و لە بەرانبەردا لەو ماوەیەدا هاوکارمان بن داواکانمان بگەیەنینە لایەنانی ناوبراو و بەیاننامە گشتگیرەکەی پزیشکان، بە واژۆی نزیکی ١٦٠٠ پزیشکەوە بگەیەنینە سەرۆکی حکومەت، تاکوو بابەتی دامەزراندن بەتەواوی و بۆ یەکجارەکی یەکلایی ببێتەوە. بەڕێوەبەری گشتی ئامادەی سازان نەبوو و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی هات.

ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکە، نوێنەرانی پزیشکانی دامەزراو داوای دانیشتنیان لەلایەن بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی هەولێر، د. دلۆڤان محەمەد فاتح، لێ کرا. وەک نوێنەرانی دانەمەزراوەکان، بە هۆکاری ئەوەی ئاڕاستەی داواکانمان ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیران بوو بەتایبەت، هەروەها لە ڕابردوو داوای دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستیمان کردبوو و پێشمان وایە وەزارەتی تەندروستی ڕێگرە لە بەردەم دامەزراندنی پزیشکان، داوامان کرد نە ئێمە و نە ئەوان لە کۆبوونەوە گوماناوییەکە بەشدار نەبن، هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر تاکوو ئەو کاتە تەنیا سزادانی توند بووە و چاوەڕێی گفتوگۆیەکی دوولایەنەی لێ ناکرێ.

لەئەگەری بڕیاری چوونیشیان، داوامان لە نوێنەرانی دامەزراوی هەولێر کرد، یەکگرتوویی هەڵوێستە کوردستانییەکە بپارێزن و بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاوبۆچوونی نوێنەرانی شارەکانی دیکە خۆیان لە بڕیاردان بگرنەوە. نوێنەرانی دامەزراو بڕیاری چوونیان بۆ کۆبوونەوەکە دا و لەگەڵ هەریەک لە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی پزیشکان دانیشتن. دوای کۆبوونەوەکە بڕیاری شکاندنی بایکۆتیان دا لە دەستپێکی ڕۆژی دوایی و دەستکەوتەکانیان هەژمار کرد بە:

١. بەڵێنی ئەو لایەنانەی سەرەوە بە یەکلاییکردنەوەی کێشەی دانەمەزراندن لەم هەفتەیە و گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە هەفتەی داهاتوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ، دامەزراندن و پلەبەندیی پزیشکان.

٢. نەهێشتنی سزاکانی بەڕێوەبەرایەتی لەو ڕۆژە.

بەداخەوەین کە بڕیاری شکاندنی بایکۆت بڕیارێکی دەستەجەمعییانە نەبوو. بەڵام متمانەمان بە نیازپاکی و هەڵوێستی نوێنەرانی دامەزراوی هەولێر هەیە کە لایەنە شاراوە و نەشاراوەکانیان لەبەرچاو گرتووە بۆ نەگەڕانەوە بۆ دەستەکە. داواکاریی پزیشکان هەر ئەوەیە کە بەڵێندراوە و هیوادارین بڕیاری متمانەکردنیان بە لایەنانی بەڵێندەر لەجێی خۆی بێت.

بڕیار:
دەستە کوردستانییەکە ئامانجەکەی بە واژۆی نزیکەی ١٦٠٠ پزیشکی کوردستان دیاری کردووە، کە دامەزراندنی پزیشکانی دانەمەزراو و چالاککردنەوەی سیستەمی پلەبەندیی پزیشکییە، هەروەها ئاڕاستەکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەگشتی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە بەتایبەتی. وەک نوێنەرانی دەستەکەش هەڵوێستەکانی پزیشکان تەنیا و تەنیا بەو ئامانجەوە دیاری دەکەین و ڕێک دەخەین. بۆیە دوای کۆبوونەوەیەکی نوێنەرایەتی، بڕیارمان داوە:

١. لێکدانەوەی بەڵێنی یەکلاییکردنەوەی دامەزراندن لەلایەن وەزیری تەندروستی و ڕاگەیاندنی وردەکارییەکانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران لە هەفتەی دابێت وەک دەستکەوتی بایکۆتەکان و بەبەرپرسیار زانینی د. سامان بەرزنجی، د. دلۆڤان محەمەد فاتح و د. عەلی حوسێن، لە ئەگەری بەجێنەگەیاندنی.

یەکگرتنە کوردستانییەکە هەژموونێکی سەرەتایییە بۆ پزیشکان و لە هەڵوێستەکانی داهاتوو دەکرێ لێکتێگەیشتنەکان باشتر بکرێن، بەڵام لە ئێستادا و بەتایبەت وەک نوێنەرانی پزیشکانی دانەمەزراو، داوا لە سەرجەم پزیشکانی دامەزراو دەکەین کە بایکۆتەکە بەسەرکەوتوویی لە قەڵەم بدەن، لەدوای ئەو ڕاگەیەندراوە سەرپشک بن لە بڕیاردان لەسەر شکاندنی بایکۆتەکە وەک هەولێر، هەروەها تاکوو ١٨ی حوزەیران، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دابێت، دەرفەت بە وەزیری تەندروستی بدەن.

٢. سەندنەوەی متمانە بەتەواوی لە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لەلایەن دەستەکەوە و ئیدانەکردنی هەڵوێستەکانی لەمەڕ داواکاریی پزیشکانی گەنج. سەرەڕای نەنواندنی هاوخەمی، بەشەخسیکردنی شتەکان و هەوڵدان بۆ زەوتکردنی ڕێگەی پەیداکردنی بژێوی لەلای پزیشکە گەنجەکان، سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی کوردستانیان گرتووە، نەک هەر ڕێگەیەکی نادروستە، بەڵکوو بەشەخسگرتنە و بە شکاندنی شکۆی پزیشک لێکی دەدەینەوە. پزیشکانی گەنج دەست لەسەر سنگ لە نەخۆشخانە حکومییەکان، بە بێ مووچە، خزمەتی کوردستان دەکەن و لەبری گلەیی، ڕۆژانەیەکی ئاسوودە لە خۆیان زەوت دەکەن بۆ پەیداکردنی بژێوی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، ناڕازیبوونی ئەوان لە میکانیزمێکی شوێنی کارەکانیان نابێت ببێتە هۆکار بۆ شکاندنی شکۆیان و دەرگا داخستن بەڕوویان لەو شوێنانەی کە بە شێوەیەکی قەدرگرانتر مامەڵە لەگەڵ پزیشکان دەکەن. سیاسەتی برسیکردن سیاسەتێکی ناتەندروستە.

٣. لەئەگەری ڕاگەیاندنی هەڕەشە-لێکران لەلایەن هەر پزیشکێک کە هەڵوێستی بۆ داوای گشتیی پزیشکان نواندووە و واژۆی لەسەر بەیاننامەکە کردووە، نوێنەرانی دەستەکە بەتەواوی ژیانی خۆیان و ئامانجی دەستەکە، کە دامەزراندنە، وەلا دەنێن و سەرنجیان تەنیا و تەنیا دەبێتە پاراستنی گیانی پزیشکەکە و قەرەبووکردنەوەی دۆخی دەروونی، چونکە گیانی هەر پزیشکێک لەپێشترینە. ڕاستەوخۆ ئەندامانی دەستەکە بە ئاڕاستەی پاراستنی گیانی پزیشکەکە دەجوڵێنین و سەرچاوە مرۆیی، دارایی و مەعنەوییەکانی ئەو کۆمەڵگە جوانەی دروستمان کردووە دەخەینە خزمەتییەوە، تاکوو لە سەلامەتیشی دڵنیا نەبینەوە، هەوڵ بۆ دامەزراندن نادەین. جێی ئاماژەیە و بۆ ڕوونکردنەوەی پرسیارەکان، وەک نوێنەرێکی پزیشکانی دانەمەزراو و ناڕازی کە هەر لە مانگی یەک و دەستکردن بە چالاکییەکانەوە لەناو کارەکانم، تاکوو ئێستا بە هیچ شێوەیەک لەلایەن هیچ لایەنێک هەڕەشەم لێ نەکراوە. لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەک، دەگەڕێمەوە بۆ پاڵپشتی کۆمەڵگەی پزیشکان و ڕای گشتی لەڕێی کەیەدە و میدیاکانەوە. داوا لە هاوپیشەکانیشم دەکەم هەمان ڕێگە بگرنەبەر و متمانە بە هاوپیشەکانیان بکەن.

ئێمە بەرەیەکی ئیداری نین و ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی پزیشکانین. دەمانەوێت داواکاری پزیشکان بگەیەنینە لایەنانی پەیوەندیدار و جێبەجێ بکرێن. سوپاسی هەچ لایەنێکی حکومی/حزبی/بێلایەن دەکەین کە لە داواکارییەکەمان نزیکمان بکاتەوە و ئیدانەی توندی لایەنانی ڕێگر دەکەین. بەپێویستی دەزانین سوپاسی سەرجەم پزیشکانی ئەکیوت و کڕۆنیکی هەولێر، پزیشکانی ئەکیوت، کڕۆنیک و پلەبەندی سلێمانی و هەڵەبجە، پزیشکانی ئەکیوت و کڕۆنیکی کۆیە و پزیشکانی ئەکیوت، کڕۆنیک و پلەبەندی دەڤەری ڕاپەڕین بکەین بۆ بایکۆتکردن و هەڵوێستی جوامێرانەیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی گشتیی پزیشکان. هەروەها پێزانین بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، سۆران و ڕاپەڕین دەردەبڕین کە لە ماوەی بایکۆتی پزیشکان خۆیان گونجاندووە و وەک هاوخەمی پزیشکانی گەنج، فشارەکانیان کپ نەکردووە، بە پێچەوانەی هاوتاکەیان لە هەولێر، کە پزیشکانی گەنجی بەئامانج گرت.



PM:07:48:09/06/2025