"داوای لەسەرکار لابردنی به‌ڕێوەبه‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی دەکرێت"

کادیرێکی پێشکه‌وتووی یه‌کێتی داوا له‌ کاربه‌ده‌ستانی حیزبه‌که‌ی ده‌کات له‌سه‌ر داخستنی فێرگه‌ی بالیه‌ی سلێمانی، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی له‌ کاره‌که‌ی دوربخه‌نه‌وه‌‌و ده‌ڵێت "سۆسیال دیموكرات وا دەڵێت".

ژوان ئه‌حمه‌د سه‌عید کادیری پێشکه‌وتووی یه‌کێتی له‌میانه‌ی نوسینێکیدا له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک داوای دورخستنه‌وه‌ی چه‌ند به‌رپرسێکی حیزبه‌که‌ی ده‌کات له‌ سلێمانی‌و ده‌ڵێت " ماوەیەكە كاربەدەستە بچوكەكانی سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی، بڕیاری پڕ لە سەمەرە دەردەكەن، ئەگەرچی لەسەر ئاستی باڵا وەك ئاگادارم هەڵوێست لەسەر ئەو بڕیارانە وەرگیراوە، بەڵام دەركردنی بڕیارەكان مایەی لێڕامان‌و هەڵوەستە كردنە."

ئه‌و کادیره‌ی یه‌کێتی نوسیویه‌تی " پاش بڕیارەكەی قایمقام كە بە هەوڵی خەمخۆران پوچەڵ بۆوە، دوو رۆژ لەمەوبەر بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاری داخستنی خوێندنگەی بالیەی دەركرد بە پاساوی ئەوەی كە مامۆستاكانی خۆیان داوای گواستنەوەیان كردوە.
بەدەر لەوەی پاساوەكەی تا سەر ئێسك بێ مانا‌و بێ ئەرزشە، چونكە سەدان‌و هەزاران مامۆستا خۆیان داوای گواستنەوە دەكەن ئایا بەرێوبەری بەرێز بۆ هەمویانی دەكات؟؟جگە لەوەش داخستنی جۆرە فێرگەیەكی لەو چەشنە بە هەر بیانویەك بێت نابەجێ یە كە یەكێكە لە هونەرە راقی‌و جوانەكان لە جیهان"

ژوان داوا له‌ کاربه‌ده‌ستانی حیزبه‌که‌ی ده‌کات که‌ به‌توندی ئه‌و به‌رپرسانه‌ سزا بده‌ن‌و ده‌ڵێت " هیوام وایە بەرپرسانی باڵای یەكێتی لێپێچینەوەی توند لەمە بكەن‌و نەهێڵن بەو شێوەیە سەرقاڵ بونیان بە شەڕی داعش‌و كێشە‌و ململانێ ناوخۆكانەوە سەرقاڵیان بكات لە ئاستی ئەم وردە بەرپرسانە كە زیانی گەورە لە یەكێتی دەدەن."



PM:01:29:04/12/2014