دەستەی كەشناسی عێراق وردەكاریی بارودۆخی كەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند، پێشبینی بەرزبوونەوەی خۆڵبارین دەكات، لەگەڵ دوو پارێزگا پلەی گەرمی ٥١ پلەی سەدی تۆماركردووە.
لە بەیاننامەیەكی دەستەكەدا هاتووە" سبەی یەكشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بای سووك بۆ مامناوەندی باكووری ڕۆژئاوا (١٠-٢٠) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە بەشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو، بەرزترین پلەكانی گەرما بۆ سبەی یەكشەممە بەم شێوەیەن، بەغدا و نەجەف ٤٧ پلە، سلێمانی و هەولێر ٤٢ پلە، دیالە و كەركوك و ئەنبار ٤٤ پلە، كەربەلا ٤٦ پلە، ناسریە ٥٠ پلە، میسان و بەسرە ٥١ پلە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی دووشەممە كەش و هەوا ساماڵ و گەرم دەبێت، لەگەڵ دەركەوتنی هەندێك هەور لە ناوچەكانی باشوور، پلەكانی گەرما كەمێك دادەبەزن لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكوور و لە ناوچەكانی باشووریش هاوشێوە دەبن.
باسی لەوەشکردووە، سێشەممەی داهاتوو كەش و هەوا ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بایەكی مامناوەند کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە هەندێك ناوچەی وڵات، پلەكانی گەرما لە سەرجەم ناوچەكانی وڵاتدا دادەبەزن.