ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەبارەی بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کەناڵی کۆمەڵە ڕایگەیاند" بنبەستەکانی کۆماری ئیسلامی نەک تەنها لە ئاکامی ئەو شەڕە، بەڵکو لە ئەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی دەمێکە خەریکە کۆمەڵگای ئێران لە خاڵێکی وەرچەڕخانی مێژوویی نزیک دەکاتەوە. ئەم وەرچەڕخانە دەتوانێ هەم بە باری چاکدا بسوڕێتەوە و هەم بە باری خراپدا".
عەلیزادە دەڵێت" دەتوانین و دەبێ ئەم وەرچەڕخانە بە باری چاکدا بسۆڕێنین. لەم پێوەندیەدا چەند خاڵێکی گرنگ هەیە کە نابێ هەرگیز لە یادیان بکەین، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێویستە ئەو ڕاستیە بزانن و ئەزموونی هەموو جیهانیش ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئازادی، یەکسانی، ژیانی ئاسوودە، ئەمنیەت و ئاسایش، دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە هەموو ئەو شتە باشانەی کە ئاواتیانین، ئەوانە خەڵاتێک نین کە زلهێزەکانی ئەو سەردەمەی ئێمە لە دەرەوەڕا بۆمان بە دیاری بێنن و لە سەر کەشەفی زێڕین پێشکەشمان بکەن. ئەمانە بە دەست نایەن مەگەر بە دەست و مشتی خۆمان، بە خەباتی خۆمان، بە ژیری خۆمان و بەکارهێنانی فرسەتەکان نەبێت".
راشیگەیاند" لەوانەیە ئەوان ئەو ڕژیمەش بڕووخێنن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نەک بۆ ئێمە بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاری دەکەن و بەرژەوەندی ئەوانیش لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو یەک نییە".
هەروەها ئاشکراشی دەکات کە نە خەڵکی کورد و نە هیچ خەڵکێکی تر، بە خەباتی خۆڕسک، بێ بەرنامە، بێ ئامانجی ڕۆشن، بێ وشیاری، بێ ڕابەری جێی متمانە، سەرکەوتنی پایەدار و جێکەوتوو بە دەست ناهێنێت.
ڕاشیگەیاند" پێکهاتنی بۆشایی دەسەڵات، بە هۆی ئەم بارودۆخەی کە هاتووەتە پێش چاوەڕوان کراوە. ئەو بۆشایە پێویستە، بە هێزی جەماوەڕ پڕ بێتەوە".
وتیشی" ئێمە دەزانین کە بە بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، دەسکەوتێک ئەگەریش بۆ ماوەیەکی کاتی بە دەست بێت، پایەدار نابێت. کە وایە خەباتی خەڵکی کوردستان پێویستە هاوئاهەنگ لەگەڵ خەباتی سەراسەری لە هەموو ئێران بەرەو پێش بچێت و پشتیوانی خەڵکی هاوپەیمان و هاوچارەنووس لە هەموو ئێران بۆ خۆی بسۆڕێنێت و خۆشی پشتیوانیان بێت. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دیمەنێکی درەوشاوەی ئەو هاوپەیمانیە بوو. لە کوردستانی شۆڕشگیرەوە سەری هەڵدا و بانگەوازەکەی لە هەموو ئێران وەڵامی وەرگرتەوە و لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە".