لیستی مووچەی مانگی حوزەیران رەوانەی بەغدا کرا


لە کاتێکدا نزیک ٥٥ رۆژە لەبەر کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" ڕۆژی چوارشەممە ( ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ) لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە".

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٥ ی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچە ئاشکرایکرد کە دەستدەکەنەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداو وەفدێک سەردانی هەرێم دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە مانگی شوبات پاش گفتوگۆیەکی درێژ و چەند هەفتەیی هەردوولا رێککەوتن کە ئەمساڵ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم نەماوە، تا کۆتایی ساڵ.  




PM:05:42:25/06/2025