هەسەدە راگەیەنراوێکی دژ بە حکومەتی سوریا بڵاوکردەوە

هەسەدە، لێدوانەکانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا سەبارەت بەو کردەوە خۆکوژییەی لە کەنیسەی مار ئیلیاسی دیمەشق ئەنجام درا، ڕەت دەکاتەوە، دەڵێت" ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجام دا، دانیشتوی کەمپی هۆل نەبوە".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە، ڕایگەیاند" بانگەشەکانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومتی کاتیی سوریای ڕەت دەکەنەوە کە باس لەوە دەکات، ئەو خۆکوژەی هێرشەکەی کەنیسەی مار ئیلیاسی ئەنجام داوە، لە کەمپی هۆل لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە چوەتە دیمەشق".

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنینیان کردوە بۆ لیستی کەسانی نیشتەجێی کەمپی هۆل و دەرکەوتوە کە هیچ کەسێک لە کەمپەکە دەرنەچوە، بێجگە لەو کەسانەی لەسەر داوای حکومەتی کاتیی سوریا، دەرکراون و هەمویان خەڵکی سوریان، یاخود ئەوانەی لەلایەن حکومەتی عێراق گەڕێنراونەتەوە.

هەسەدە لە کۆتایدا، باسی لەوەش کردوە، لە کەمپەکەدا خێزانی داعشە سوریی و بیانییەکان هەیە و زۆربەیان ژن و منداڵن، هیچ تیرۆریستێکی بیانی تێدا نییە و دوپاتیشی کردوەتەوە بەردەوام دەبن لە ڕوبەڕبونەوەی داعش.




PM:08:16:26/06/2025