بەهۆی شەڕێکی دەستەویەخەوە، دوو هاووڵاتی عێراقی کە برای یەکترن لە ئورفە دەکوژرێن، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت" چاوەدێری ڕەوتی لێکوڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەین".
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی حوزەیران لە ناوچەی پیشەسازی ئێڤرێن لە شاری ئۆرفەی باشووری تورکیا، لەئەنجامی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان دوو برای عێراقی بە ناوەکانی یوسف و محەممەد ڕاوی و هاووڵاتییەکی تورک دا، هەردوو برا بەدەمانچە دەکوژرێن و بکوژەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.
لای خۆییەوە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ڕووداوەکە بە قسەی زارەکی نەشیاو لەنێوان ئەو دوو برایە و هاووڵاتییەکی تورک لە شوێنی کارەکەیان دەستیپێکردووە و بەخێرایی پەرەی سەندووە و بکوژەکە بە دەمانچە هەردوو براکەی کوشتووە.
هاوکات لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند" کونسوڵخانەی گشتیی عێراق لە غازی عەنتاب، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا، بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی دۆسییەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە" .