کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) دوو مەرج بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت رادەگەیەنێت لەوانەش" کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەی داراییان بەشێوەی نەختینە لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهانی تورکیا وەربگرن".
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی حوزەیران کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ، ناسراو بە ئەپیکور، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور خواستی خۆمان دووپات دەکەینەوە دەستبەجێ هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە دەستپێبکەینەوە". ئەپیکور لەمبارەیەوە مەرجی داناوە و دەڵێت "هەر کاتێک رێککەوتنێکی نووسراو بێتە ئاراوە".
ئەپیکور، ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند مانگێکە رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.
کۆمەڵەکە، پێشنیازیش دەکات کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەی داراییان بەشێوەی نەختینە لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهانی تورکیا وەربگرن، دەشڵێت ئەم رێکخستنە دڵنیایی دەدات کە هەموو لایەنەکان مافەکانیان بە شەفافی و خێراترین شێوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی گرێبەستەکاندا وەربگرن.
ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بواری نەوت پێکهاتووە و ٦٠%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش راگرتنی هەناردەش ئێستا رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە بڕیارێکی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق مووچەی هەرێم راگیراوە و یەکێک لە هۆکارەکانیشی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەگەرێتەوە بەو بۆنەیەشەوە چەند ڕۆژێکە ساندێکی حکومەتی ناوەندی بۆ تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە هەولێرن و لەگەڵ شاندی هەرێم لە دانوستاندان.