شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت"لە سبەی دووشەممەوە پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکات و لە ڕۆژی سێشەممەشەوە پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی حوزەیران ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند" لەئەنجامی گۆرانکاری ناوازەی کەش و هەوا لەم کاتەی ساڵدا و دابەزینی بارستە هەوا ساردەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە لە سبەی دووشەمەوە ٣٠ حوزەیران کاریگەری ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی کردۆتە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کۆتای پێدێت".
ئەو شارەزا کەشناسییە دەشڵێت" بەیانی پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢تا ٣پلە نزمدەبنەوە"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە سێشەممە کاریگەری ئەو هەوا فێنکە زیاتر ئەبێت و پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکان نزمبوونەوەیەکی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت".
ئاراس جەبار دەشڵێت"ڕۆژی سێشەممە بەرزترین پلەی گەرمی لە رۆژدا بەم شێوەیە ئەبێت ( سلێمانی ٣٥ پلە ، هەولێر ٣٦ پلە ، دهۆک ٣٦ پلە ، هەڵەبجە ٣٧ , کەرکوک ٣٨ پلە ، ئیدارەی گەرمیان ٤٠ پلە ، ئیدارەی راپەرین ٣٨ پلە ، ئیدارەی سۆران ٣٦ پلە" .
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" بەگشتی تا نزیکەی ١٠ رۆژی داهاتوو کاریگەری ئەو سیستەمە هەوایانەی باکور لەسەر ناوچەکە بە قۆناغی جیاواز بەردەوامی ئەبێت و بە درێژای ئەو ماوەیە پلەکانی گەرما بۆ مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە خوار ئاستی ئاسایی تۆمار دەکرێت جیاواز لە ساڵانی رابردوو کە لەو کاتەی ساڵدا شەپۆلی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما رووی دەکردە ناوچەکە".