"خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیران دەستپێدەکات"

توێژەرێکی سیاسی نزیك لە پارتی ڕایدەگەیەنێت" سبەی دووشەممە مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت". 

وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی نزیك لە پارتی، لە لێدوانێکدا بە سۆمەرییە نیوزی ڕاگەیاندووە" دوای سەردانێکی شاندەکانی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان و شاندێکی هەرێم بۆ بەغدا لە لیژنەکانی دارایی و نەوت، ڕێککەوتن کرا بۆ خەرجکردنی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکات، بەپێی مادەی ١١٤ی دەستووری عێراق، هەروەها ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی ڕادەستکردنی نەوت پەیوەندی بەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن تاوەکو هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، کێشەکە لە کۆمپانیاکانی هەرێمدایە کە لە هەرێمدا کاردەکەن، تەنانەت لەگەڵ لایەنی تورکیاشدا نییە، ئەوان ڕێککەوتوون لە ڕێگەی ئەوانەوە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردن پێویستیان بە گەرەنتی یاسایی و دارایی هەیە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قەرزەکانیان کەڵەکەبووە کە وەریان نەگرتووە. 

وەفا محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" بڕیاربوو ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی فەرمانی دادوەری دەربکات بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام سەرمان سوڕما لە دەستلەکارکێشانەوەکان، بەڵام سەرچاوەی زۆر بەهێز لە هەردوو حکومەتەوە پشتڕاستیدەکەنەوە کە سبەی دووشەممە دەست بە خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت". 



AM:12:01:30/06/2025