بەغدا دۆسیەی نەوتی هەرێم و داهاتە نانەوتییەکانی بەیەکەوە بەستووە و داوای تەواوی دۆسیەی نەوت لە هەرێم دەکات، بەرامبەر ئەوەش مووچەو دواتریش شایستە داراییەکان بۆ هەرێم بنێرن، وەفدەکەی هەرێم گەڕانەوە هەولێر و سبەی چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە کۆدەبێتەوە.
بەپێی دواین زانیارییەکان کە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە پرسی مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێم و دۆسیەی نەوتەکەی گەیشتۆتە دوا قۆناغ، سبەی چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوەو دەبێت بڕیار بە رادەستکردنی تەواوی دۆسیەکە، یان بژاردەی تر بگرێتە بەر بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە دوو مانگی تەواوە خەرجنەکراوە.
ناکۆکی هەرێم و بەغدا، هەرچی حکومەتی فیدراڵە داوا دەکات دەستبکرێت بە ناردنی تێکڕای نەوتی هەرێم لە بۆری کوردستان - جیهانەوە، بەڵام هەرێم داوا دەکات کە سەرەتا بڕێک بنێرێت و دواتر رێککەوتنی گشتی لەسەر کۆی پرسەکان بکرێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنی یاسای نەوت و غازی هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە گرێبەست لەگەڵ ٤٢ کۆمپانیای نەوتی لە ١٧ وڵاتەوە واژۆ کراوە.
بەغدا بەشێک لەو گرێبەستانە بە "نا یاسایی " ناوزەد دەکات، چونکە نەخراوەتە بەردەم حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش بابەتی ناکۆکی یاسایی بەردەوامە.
دوو گرێبەستی ئەمساڵی حکومەتی هەرێم، گرێبەستەکانی میران و تۆپخانە-کوردمیر لەگەڵ کۆمپانیای HKN Energy و وێستەرن زاگرۆس) بە کۆی گشتی نزیکەی ١١٠ ملیار دۆلارە، کێشەی نێوان هەرێم و بەغدای تەقاندەوەو بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ ماوە دوو مانگە راگرتووە.