زانیاری نوێ لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغداد ڕاگەیەندرا

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لە بەغداد بەڕێوەدەچێت". 

حوسێن عەلاوی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە" گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بەردەوامە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان شاندی هەردوو حکومەت ئەرێنی بوون و بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکان بووە.

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەشڵێت" سودانی پێداگرە لەسەر چارەکردنی کێشەی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم". 

حوسێن عەلاوی ڕاشیگەیاند" ئەگەر شاندی هەردوو حکومەت لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچە ڕێکبکەون، ئەوا کۆبوونەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و ڕێککەوتنەکە پەسەند دەکرێت". 



AM:12:01:02/07/2025