شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت" کاریگەری بارستە هەوای فێنک لە رۆژانی داهاتوودا بەتایبەت هەینی و شەمە بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٤ پلەی دیکە نزمدەبنەوە"، دەشڵێت" تا نزیکەی ناوەراستی مانگ پێشبینی گەرمای بەهێز و بەتین و ناکرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە" لە سەرەتای ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بەتینی گەرما زۆرێکی وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە و لەهەمان کاتیشدا بارستە هەوایەکی سارد لە باکوری رۆژئاوای رووسیاوە کاریگەریەکانی درێژبووەتەوە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بووەتە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەستکردن بەکەشێکی فێنک لەشەودا کە ئەمەش بۆ مانگی تەمموز حاڵەتێکی نایاب و دەگمەنە ".
دەشڵێت"کاریگەری ئەو بارستە هەوایە بەردەوامی ئەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا بەتایبەت هەینی و شەمەی داهاتوو کاریگەریەکانی زیاتر ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٤ پلەی دیکە نزمدەبنەوە و کەشەکە فێنکتر ئەبێت بەجۆرێ لە ناوچەکانی سنوری گەرمیانیش پێشبینی ئەکرێ پلەی گەرمی لەرۆژدا بۆ خوار ٤٠ پلەی سەدی نزمببێتەوە و لەسەنتەری پارێزگاکانی هەرێمیش بۆ ٣٣ تا ٣٥ پلە" .
ئەو شارەزا کەشناسییە باسی لەوەش کردوە" کاریگەری ئەو بارستە هەوایە لە رۆژی یەکشەمەی داهاتووەوە لاواز ئەبێت بە شێوەیەکی هێواش لەسەر ناوچەکانمان دووردەکەوێتەوە و سەبارەت بە شەپۆلەکانی گەرماش بەگشتی تا نزیکەی ناوەراستی مانگ پێشبینی گەرمای بەهێز و بەتین و ناکرێت و بەشێوەی ئاسایی گەرمای هاوینە دوای ئەو فێنکیە بەردەوامی ئەبێت" .
ئاراس جەبار ئەوەش دەخاتە روو"هەر لە رۆژی یەکشەمەوە بەهۆی دوورکەوتنەوەی پاڵەپەستۆکەی باکور بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چالاکبوونی بەهێز لە بای باکوری رۆژهەڵات ئەبێت لەسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێک بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و خێرای باکە لە نێوان ٢٠ تا ٦٠ کم لە کاتژمێرێکدا چالاک ئەبێت و بۆ ماوەی چەند رۆژێکی دیاری نەکراو بەردەوامی ئەبێت".