دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند" درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی تەممووزی ٢٠٢٥، دژەتیرۆری کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، ئەمشەو کاتژمێر 9:58 خوولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، خۆشبەختانە کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە، هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لای خۆیەوە دانا توفیق، بەرێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەوەکالەت میدیای پارتی ڕاگەیاند" گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی هەولێر ئاسایی کرایەوە و گەشتەکان دەستیان پێکردەوە، بەهۆی ڕووداوەکە تەنیا یەک فڕۆکەی فلای ئەربیل کاتی دابەزینی دواخرا، ڕووداوەکە هیچ زەرەر و زیانێکی بۆ فڕۆکەخانە نەبووە".
لەوەتەی دەستپێکی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیران تا ئێستا ئەمە ١٥ هەمین دڕۆنە لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکەوێتە خوارەوە.