وتەبێژی کەجەکە
رایگەیاند" ئەو سیاسەتەی تا ئێستا تورکیا پیادەی دەکات، شتێکە لە دەرەوەی
ئەخلاقی سیاسەت و بنەمای ئاشتی".
ئەمڕۆ ٥ ی تەموز زاگرۆس
هیوا وتەبێژی کەجەکە لەبارەی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە کە بڕیارە لە
رۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، لێدوانێکی تایبەتی بە " سپی میدیا "
راگەیاند.
زاگرۆس هیوا لەو لێدوانەدا
نیگەرانی و بێزاری خۆی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا نەشاردەوەو وتی " ئەوەی دیارە
ئەوەیە کە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا هێشتا ئاستەنگی دروست دەکات بۆئەو مەراسیمە چاوەڕوانکراوە" .( مەبەستی مەراسیمی
چەک دانانی ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجام
بدرێت).
لە درێژەی
نیگەرانییەکانیدا، وتەبێژی کەجەکە وتی" گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ هێشتا هەر
بەردەوامە و رێبەر ئاپۆ ناتوانێت ئازادانە لە گەڵ رای گشتی و بزووتنەوەی
رزگاریخوازی کوردستان پەیوەندی دانێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی بە دەستپێشخەری رێبەر ئاپۆ و لە ژێر
بەرپرسیارێتی ئەودا دەستیپێکردووە، بەڵام لە وەڵامی هەموو ئەو هەنگاوانەی کە
بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بە شێوەیەکی تاکەلایەنە ناویەتی، دەوڵەتی تورکیا
تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەناوە".
زاگرۆس هیوا زانیاری زیاتر
دەدات و دەڵێت " خەریکی چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی رای گشتین. هیچ هەموار
کردنەوەیەکی دەستووری و یاسایی نەکراوە و رێبەر ئاپۆ هێشتاش هەر لە ژێر
گۆشەگیریدایە. لایەنێکی ئەم پرۆسەیە شەو و ڕۆژ بۆ رای گشتی
قسە دەدکات و لایەنێکی دیکە بۆی نییە ئازادنە پەیوەندی لەگەڵ رای گشتی دانێت، بۆی
نییە رای گشتی دەنگ و ڕەنگی ببیسن و ببینن".
" ئەمە شتێکە لە
دەرەوی ئەخلاقی سیاسەت و بنەمای ئاشتی ."( وتەبێژی کەجەکە جەختدەکاتەوە).
لەبارەی کاتی مەراسیمە
چەکدانان و چەند گەریلان و لە کوێ ئەنجام دەدرێت و چەند ژن و پیاون و کوردی کام
پارچەن، کە پرسیاری " سپی " بوون بۆ زاگرۆس هیوا، ئەو وتی " ئەو
پرسیارانەی ئێوە کردووتانە، پرسیارگەلێکن کە ڕای گشتی مەراقی دەکات، بەڵام هیچکام لە ئەو بابەتانە تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە".