بافڵ تاڵەبانی: ئێستا کاتی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە باکووری کوردستان و تورکیا

بافڵ تاڵەبانی  رایگەیاند " ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە باکووری کوردستان و تورکیا".

ئەمڕۆ هەینی ١١ی تەمموز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی لە دەباشان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) کرد.

لە دیدارەکەدا  بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گەرمی پێشوازیی لە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و وتی، "ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە باکووری کوردستان و تورکیا، کە لە ئاشتی و پێکەوەژیان پێکهاتبێت".

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، وەک چۆن سەرۆک مام جەلال ئەندازیاری سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی بوو و بۆ یەکەمجار دەرگای گفتوگۆی لەنێوان قەندیل و ئەنقەرەدا کردەوە، ئێمەش لەسەر رێبازەکەی بەردەوامین".

شاندەکەی پارتی دەم سەرەڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ رۆڵی ئەرێنی و پشتیوانییە بەردەوامەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راشیانگەیاند، یەکێتی بەشێکی گرنگە لە سەرخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و دوایین پەرەسەندنەکانیشیان خستەڕوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی ١١ی تەمموز پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان ٣٠ کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.




PM:09:08:11/07/2025