سوودانی: بەغدا مووچە نانێرێت تا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێ نەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکەی چاوەڕێی ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیە دەکات کە بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان پێکهێنراوە، جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەکنیکی و هونەرین نەک سیاسی بە بەڵگەی ئەوەی ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەو بڕی نەوتەکە دەکەن کە پێویستە کوردستان ڕادەستی بکات.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوستی سعودی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتەکەی پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەخلاقی و دەستوورییەکانی بەرامبەر خەڵکی کوردستان، بەڵام یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەن کە بنەمای یاسایین و سەرۆکوەزیران ناتوانێت پێشێلیان بکات.

بەوتەی سوودانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو و داهاتە نانەوتییەکانی ڕادەستی بەغدا نەکردووە وەک لە یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هاتووە،  بۆیەش وەزارەتی دارایی ناتوانێت پشکی کوردستان بنێرێت تا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێنەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بوون و لەدەرەوەی پشکی خۆی لە بودجە، بودجەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام دەبێت جیاوازیش لەنێوان ناردنی مووچە و ناردنی پشک لە یاسای بودجە، دوای ئینفاقی فیعلی بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، کێشەی مووچە بۆ لێدان لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەوان دەیانەوێت کوردستان ئارام و سەقامگیر بێت، بە بەڵگەی ئەوەی دوای هەڵبژاردن خۆی سەردانی لایەنەکانی کردووە و داوای زوو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوە.

لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لە دۆسیەی نەوتدا، سوودانی باسی لەوەکردووە، لیژنەی هونەری و سیاسی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای نەوت و غاز پێکهێنراوە، دوو بۆ سێ کۆبوونەوە کران و دواتر هەولێر ناردنی شاندی بۆ ئەو مەبەستە ڕاگرتووە، ماوەی ڕابردوو حکومەتی فیدڕاڵی باوەڕی وابوو ئەو ماوەیە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەی نەوت و غاز گونجاو بوو، ئەوەش کێشەی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان لە دۆسیەی نەوت و غاز بەشێوەیەکی تەواو یەکلایی دەکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە فەرمانبەرانی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و تا ئێستا بڕیاری ناردنی مووچە نەدراوە.




PM:06:35:14/07/2025