قەدەغەكردنی روماڵی ناڕەزایی و دەمكوتكردن پەرەدەستێنێت

هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێر، بەشەق و هەڕەشەكردن و جنێودان دەستبەسەر مۆبایلی كەسی رۆژنامەنووسان و كەلوپەلی رۆژنامەگەری دەگرن و بە مەرجی وەرگرتنی پاسوۆرد مۆبایلەكانیان رادەست دەكەنەوە، هەموو ئەمانە جێگەی رەفز و ئیدانەكردنن.

لە ١٤ی تەمووز، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر كۆنگرەی رۆژنامەگەری و ناڕەزایەتی هەبوون، هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی شوێنەكانیان دا و ئاستەنگیان بۆ كارەكانیان درووست كرد. 

هەروەها، ژنانی كورانی عەنكاوە لە شاری هەولێر لە بەرانبەر كەمی ئاوی خواردنەوە، شەقامی سەرەكی گەرەكەكەیان داخستبوو، داوای دادوەرییان دەكرد لە دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە.

لەو كاتەدا (هێرش قادر) پەیامنێری ئێن ئارتی و هاوكارەكانی (عەلی عبدالهادی وێنەگر، ئازاد سەعید شوفێری دەزگاكە) چووبوون بۆ رووماڵكردنی رووداوەكە، لەگەڵ گەیشتنیان، هێزێكی ئەمنی پەلاماری دان.

هێرش قادر بە میترۆی دەڵێت'' پێنج كەس بەشەق پەلاماری منیان دا، ئازارم پێ گەیشت "گووتیشی" لە شەق و پەلاماردانەكە بە ئازارتر بێڕێزی كردن و جنێودانە بە كەس و كارت لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییانەوە".
 
هەر ئەو رۆژە، كاتێك تیمی كەناڵی سپێدە (هیوا فەقیانی، محمد گەنجۆ، نەبەز گورزەیی) دەگەنە هەمان شوێن، پەیامنێری سپێدە بە میترۆی ووت" كە گەیشتین، هێزە ئەمنییەكان هاتنە لامان و وتیان برۆن واز لەو خەڵكە بهێنن، ئێوە ئاژاوە مەنێنەوە، هیچ كیشەیكیان نییە"

 
لەلای خۆشیەوە، دیاكۆ حسێن، پەیامنێری ئاپۆڕانیوز بە میترۆی ڕاگەیاند"بە شێوازێكی ناشرین مامەڵەیان لەگەڵدا كردین و موبایلی كەسی و كامێرا و میمۆرییان لێ سەندین" ووتیشی "ئێوارە لە ئاسایشی هەولێر داوای پاسوۆردی مۆبایلەكانیان لێكردین، بەناو گەلەری مۆبایلەكاندا دەگەڕان و وێنەیان دەسڕییەوە".

دیاكۆ باسی لەوەكرد كە لە ئاسایش فۆرمێكی زانیارییان پێ پڕكردونەتەوە كە ناونیشانی تەواوی كەسی تیا بووە. جەختیكردەوە، "پاشان پەنجەمۆریان وەرگرتین و مۆبایلەكانمان وەرگرتەوە".

هاوکات، تیمێكی كەناڵی زووم ( كاروان حەمە ساڵح، شێوان مەولود، ئیسماعیل محەمەد)، پاش ئەوەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیان رووماڵكرد، هێزەكە نزیكیان دەبنەوە و بۆ ماوەیەك دەستبەسەریان دەكەن موبایل و كامێرا و كەلوپەلەكانیان لێ دەستێنن.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت'' رووداوەكانی ١٤ی تەمووز بەرانبەر بە تیمەكانی راگەیاندن پێمان دەڵێت كە بارودۆخی كاری رۆژنامەنووسی پڕ ئاستەنگە و پێشێلكاری بەرانبەریان هێشتا نەبووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر كەسێك كە ئەنجامی دەدات لە هەر پلە و پایەكی دەسەڵاتدا بێت.'' 




PM:06:22:16/07/2025