پارتی:نه‌جمه‌دین که‌ریم په‌یوه‌ندی به‌کێڵگه‌ نه‌و‌تییه‌کانی که‌رکوکه‌وه‌ نییه‌

به‌رپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند "كێڵگە نەوتییەكان راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و هیچ پێوەندی بە پارێزگاری كەركووكەوە نییە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دڵشاد شەعبان به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی راگەیاند" كێڵگە نەوتییەكانی که‌رکوک راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە  سەرپەرشتی دەكرێت و هیچ پێوەندی بە پارێزگاری كەركووكەوە نییە و رۆژانەیش دەتواندرێت 300 بۆ 400 بەرمیلی نەوت هەناردە بكرێت".

(دڵشاد شەعبان ) گوتیشی، لە ئێستادا رۆژانە 300 بۆ400 هەزار بەرمیلی نەوت لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركووك بەرهەم دەهێندرێت.
 پارێزگاری كەركوك نەجمەدین كەریم دوای ڕێیکه‌وتنی به‌غداو هه‌ولێر لە لێدوانێكیدا رایگه‌یاندبوو "لە ئێستادا لە كێڵگەنەوتییەكانی كەركووك ناتواندرێت رۆژانە 300 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردەی دەرەوە بكرێت، چونكە كێڵگە نەوتییەكانی باكووری كەركووك پێویستیان بە نوژەنكردنەوە هەیە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان رونیشی كردەوە، شاندی هەرێمی كوردستان كاتێك رێككەوتنی  لەگەڵ بەغدا كرد ئەوەی لەبەرچاوگرتووە و زانیویەتی رۆژانە دەتواندرێت چەند بەرمیلی نەوت هەناردە دەكرێت، ئەو كات رێككەوتنی كردووە.

ئەوەیشی خستەڕوو، كاری پارێزگاری كەركووك نییە كە دەستلەنەوتی كەركووك وەربدات و ئاگاداری كێڵگە نەوتییەكانیش نییە، چونكە ئەم پرسە تەنیا پێوەندی بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە هەیە.



AM:10:26:08/12/2014