ئەپیکور مەرجەکانی خۆی بۆ هەناردنەکردنەوەی نەوت ئاشکرا دەکات

 وتەبێژی کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە (ئەپیکور) ڕایگەیاند" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت چاوەڕوانن نووسراوی فەرمیی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادیان بەدەست بگات".

مایڵز کاگینز، ئەمڕۆ هەینی بۆ میدیای یەکێتی باسی لەوەشکرد، "هەر کات نووسراوی فەرمیی ڕێککەوتنمان بە دەست بگات، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەین".

وتەبێژی ئەپیکور جەختیکردەوە، نووسراوی فەرمیی ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت مەرجی ئێمەیە.

دەشڵێت" داواکارییەکانیان نەگۆڕدراون، گرەنتیی شایستە داراییەکان لەگەڵ بەدەستگەیشتنی نووسراوی فەرمی، ئەوەش تاکە رێگەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت".

پێشتر ئەپیکور، جەختیکردووەتەوە بە مەرجی گرەنتی شایستە داراییەکانیان لە داهاتوودا و دانەوەی قەرزەکەیان کە لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بڕەکەی یەک ملیار دۆلارە، کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ تا ئازاری ٢٠٢٣.

ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بواری نەوت پێکهاتووە و ٦٠%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش ڕاگرتنی هەناردەش ئێستا ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.



PM:04:16:18/07/2025