"لەمیحوەری كەركوك 116 چەكداری داعش كوژران‌و برینداربوون"

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركوك – دوبز رایگەیاند هێرشی شەوی رابردووی چەكدارانی داعش بۆ میحوەری مەكتەب خالید‌و تەلوەرد لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە تێكشاو "زەبرێکی وەهایان لێ دان کە 70تیرۆریستیان کوژران و 46یشیان لێ بریندار کران، هاوکات 40 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆریان لێ تێک شکێندران".

كەمال كەركوكی بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركوك – دوبز، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "ماوەیەكە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بەردەوامن لە هەڵمەتی تێكدەرانەیان، دوای تێكشكانیان لە خرابەڕووت و بەرزاییەكانی نێوان گوبێبە و سمایلاوە كە بە درێژایی (25) كم چوارگۆشەیان لێ پاك كرایەوە و تیرۆریستانیش لەو هێرشەی كردیانە سەر مەكتەب خالید و تەلوەرد، زیانی گەورەیان بەر كەوت".

دەربارەی ئەو زیانانەی کە پێشمەرگە بە تیرۆریستنای داعشی گەیاندووە، (کەرکوکی) ئاشکرای کرد کە، لە ئەنجامی شەڕ و بۆرددومانی هاوپەیماناندا، 70تیرۆریست کوژران و 46ـیشیان لێ بریندار کران، هاوکات 40 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆریان لێ تێک شکێندران.
(كەمال كەركوكی) وتیشی: "شەوی رابردوو  چەند جارێك پێشمەرگە قارەمانەكان هێرشی تیرۆریستانی داعشیان لە كەركووك  تێك شكاند كە بە دۆشكە و قەنناس و هاوەن و كاتیۆشە سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان بۆردوومان دەكرد و بەنیازی ئەوە بوون خۆیان بگەیەننە مەكتەب خالید و تەلوەرد تا لە غازی باكووری شاری كەركووك نزیك بنەوە بۆ جێبەجێكردنی نیازی گڵاویان كە ماوەیەكە پلانی بۆ دادەڕێژن. لەگەڵ هەر هێرشیكیاندا پێشمەرگە سەربەرزەكانی كوردستان قارەمانانە لێیان دەهاتنە دەست و ڕاویان دەنان و زیانێكی زۆریان پێ دەگەیاندن".

ڕوونیشی كردەوە كە، لە دوای هەموو ئەو تێكشكان و هەڵاتنەیان، ئەمشەو جارێكی دیكە هێزیان لە مووسڵ و حەویجەوە هێنا تاكو شكستەكانیانی پێ داپۆشن و لە خۆئامادەكردندا بوون بۆ هێرشێكی دیكەی فراوان بۆ سەر مەكتب خالید و تەلوەرد، بەڵام ئەمجارەیان فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە چڕی بۆردوومانیان كردن و زیانێكی زۆریان پێ گەیەندرا و هەمەر و ئۆتۆمبێل و جبەخانەیان ئاگری تێ بەردرا و تەقینەوە و دوانیش لەو پردانەی كە تیرۆریستان بەردەوام سوودیان لێ دەبینین، خرانە خوارەوە و ئەوانی كە مابوون لە تیرۆریستان، بە سەرشۆڕی هەڵاتن".



PM:02:46:08/12/2014