جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان لیژنەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا سەبارەت بە میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت.
پەرلەمانتار ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاند"خەرجی نەوتی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لیژنەی هاوبەشیش لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێکهێنراوە، ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لیژنەکان میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی داهاتی نەوت و خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی ڕابردوو دیاری دەکرێت”.
ڕوونیشیکردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی ٢٢٠ هەزار بەرمیل و گەیاندنی داهاتەکان بە حکومەتی فیدراڵی دەدرێت، دوای ئەوە حکومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەکات، کە مانگانە بڕی ٩٦٠ ملیار دینارە”.