رۆژی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٥ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری بازنەی رووها و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوون، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی کرد.
دەقی راگەیاندراوەکەی دەم پارتیبۆ رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن
وەفدی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لە 25.7.2025دا، دیدارێکی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە کرا کە وەفدەکەمان پێشتر لەگەڵ سەرۆک کۆمار، وەزیری داد و سەرۆکی پارتە سیاسییەکان ئەنجامی دابوون.
هەروەها، تێڕوانین و کاردانەوەکان سەبارەت بە رێوڕەسمی لەناوبردنی چەکەکان بۆ ئۆجەلان روونکرایەوە.
بەڕێزیان شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونەی تێیدا بۆ ئاشتی نیشاندرابوو، بە زۆر بەنرخ وەسف کرد.
بەڕێز ئۆجەلان جەختی لەوەش کردەوە کە چاوەڕوانە کاری لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا، بە شێوازێکی گشتگیر و فراوان، خزمەتێکی گرنگ بە ئاشتی و دیموکراسی بگەیەنێت.
گەرمترین سڵاو و باشترین هیوای خۆی ئاڕاستەی گەل و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد.
وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی
لەگەڵ رێز و سڵاوماندا
دەم پارتی