نزیکەی ٢٠٠ کەس لەو کوردانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە شوێنی نیشتەجێبوون و گوندەکانیان دەرکرابوون و عەرەبی هاوردە لە شوێنیان نیشتەجێکران، قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی تەمموز سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری موسڵ ڕایگەیاند،"دوای ئەوەی بە هەوڵ و ماندووبوونی بەرپرسانی کورد دووبارە نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ کرایەوە و مامەڵەی هاووڵاتییان وەرگیرا، سبەی وەکو قۆناغی یەکەم ١٧٥ خێزان قەرەبووی ١٠ ملیۆنی وەردەگرن، لە قۆناغی دیکەش زەوییان پێ دەدرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو خێزانانە قەرەبووەکە وەردەگرن ئەگەر مەرجەکانیان تێدا بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لیژنەی ماددەی ١٤ پێکهێنرا و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە مووسڵ هەبووە، بەڵام دواتر داخرابوو، بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش، ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگای نەینەوا کۆچیان کردووە زیاتر لە ٥١ هەزار کەسە، کە تەنها نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیان ١٠ ملیۆن دینارەکەیان وەرگرتووە.