بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت"دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی پسووڵەی خۆراک بە شێوازی ئەلیکترۆنی تا ڕێکەوتی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥ وەرگیراوە، پرۆسەکە بێ بەرامبەرە و ئەمە دوا مۆڵەتە بۆ هاوڵاتیان".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئاب نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەی نوێکردنەوەی پسووڵەی خۆراک لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٨٧%، ئەمەش بەشێوەیەکە کە لە پارێزگای هەڵەبجە ڕێژەکە ٨٨%ی تێپەڕاندووە، لە سلێمانی زیاتر لە ٨٧% بووە، لە هەولێر ٨٤%ی تێپەڕاندووە و لە دهۆکیش گەیشتووەتە ٧٩%.
نەوزاد شێخ کامل جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە. داوای لێکردن کە لەم ماوەیەدا هەر گرفتێکیان هەبووە چارەسەری بکەن و فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕ بکەنەوە.
ناوبراو هۆشداری دا کە هەر هاوڵاتییەک پابەند نەبێت و خۆی تۆمار نەکات، بەشە خۆراکی مانگانەی ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە دوای ئەم وادەیە، ڕێکاری دیکە بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەگیرێتەبەر.