دوا شەپۆلی گەرما روو لە هەرێم دەکات


شەپۆلێکی گەرما لە رۆژانی داهاتوودا روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، پسپۆرانی ئەو بوارە پێشبینی دەکەن دوا شەپۆلی گەرما بێت و دوای ئەو شەپۆلە کەشوهەوا فێنک دەبێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بوار کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد کە لە سبەیەوە شەممە پلەکانی گەرما بە رێژەی ٢ پلە نزمدەبنەوە و لە دوو سبەی شەمەوە بەهەمان رێژەی ئەمڕۆ و رۆژانی ڕابردوو بەرزدەبێتەوە.

ئەو پسپۆرە پێشبینی هیچ شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرما ناکات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەهەمان رێژەی گەرمی کە ئێستا هەیە گەرمای هاوینە لەناوچەکانمان بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوامی ئەبێت.

ئاراز جەبار ئەوەش دەخاتەڕوو،لە دوای شەممەوە بەتایبەت لەناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاویەکان گۆرانکاری بنەرەتی بەسەر پلەی گەرمی کاتەکانی شەواندا دێت و سات بۆ سات هەست بەگۆرانکاری و فێنکبوونی کەشوهەوا دەکرێت .

هەروەها دەشڵێت "لە ١٦ و ١٧ی ئەم مانگەوە بەگشتی ئەچینە نێو قۆناخێکی نوێ کەئەویش نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمایە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتای بەو شەپۆلە گەرمایە دێت کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ناوچەکانمان جێگیربووە ، واتا لەو رێکەوتە بەدواوە بەشێوەیەکی ئاسایی گەرمای هاوینی ئەمساڵ کەمدەبێتەوە.




AM:12:20:09/08/2025