لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، بارستە هەوایەکی فێنک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ئاب ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە کە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو بەدیاری کراوی لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە، ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری لاوەکی بارستە هەوایەکی سارد کە ناوەندەکەی بەسەر باکووری وڵاتی ئێرانەوەیە پلەی گەرمی لەسەرجەم ناوچەکان بەراورد بە ئەم هەفتەیەی کە تیایداین بەرێژەی سێ تا چوار پلە نزمدەبێتەوە و گۆرانکاری بەسەر کەشوهەوای ناوچەکەدا دێت و بەگشتی شەوانیش کەمێک فێنک دەبێت.
دەشڵێت" لە ئەمڕۆ تا کۆتایی ئەم مانگە زنجیرەیەک شەپۆلی بەهێزی بارانبارین لەدەریای عەرەب و زەریای هیندەوە وڵاتانی باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی دەگرێتەوە هەر لە عومان و یەمەن و ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای سعودیە، کە لەهەندێ ناوچەدا لەو ماوەیەدا پێشبینی زیاتر لە ٤٠٠ ملیمەتر باران دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی دروستبوونی لافاو و ڕوودانی کارەساتی سروشتی لەو ناوچانەدا".
سەبارەت بەوەرزی بارانبارینی ئەمساڵ ئەو کەشناسە کوردە ئاماژەی بەوەداوە، کە تا ئێستا هیچ پێشبینیەکی دروست بەردەست نیە بۆیە لێرەو لەوێ کە باس لەوە دەکرێت ئەمساڵ سەختە و باراناویە یان وشکە ساڵییە ئەمانە هەمووی لەم کاتەدا دەنگۆییەکی نادروست و نازانستن کە لەلایەن کەسانێکەوە باسدەکرێن شارەزایی و ئەزمونیان کەمە لەبوارەکەدا.