پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی ناردنی ١٢٠ ملیار داهاتی ناوخۆ و ناردنی پارەی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت لەم هەفتەیەدا یەكلایی بكرێتەوە.
سۆزان مەنسور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند" لە ئێستادا ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە كێشەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغداد بەرەو چارەسەر بڕۆن بەتایبەت لەسەر بابەتی ناردنی داهاتی ناوخۆ، ئەوەش دوای ئەوەی كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم ڕێككەوتنی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت ڕێككەوتوون ڕاگەیاند".
باسی لەوەشكرد، سبەینێ یەكشەممە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەوڵەكان چڕكراونەتەوە كە بتوانرێت لەو كۆبوونەوەیەدا بابەتی ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانەبەرانی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، چونكە بابەتی نەوت كۆتایی هاتووە و ئەوەی ئێستا ماوەتەوە جۆری ئەو داهاتانەیە كە دەبێت هەرێم بە بەغدادی بدات.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بەدڵنیاییەوە هەر دەبێت ڕێككەوتن بكرێت، چونكە ناكرێت ئەم دۆخەی ئێستا بەسەر مووچەخۆرانی هەرێم هاتووە درێژەی پێبدرێت.
ئەم لێدوانەی سۆزان مەنسور، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە کە تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم، مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەرەو کۆتایی دەڕوات.