سەنتەری میترۆ مامەڵەكردن لەگەڵ
كەناڵی زووم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكاتەوە، داوا لە
سەرۆكی یەكێتی دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵ بكەن و رادەستی ئیدارەی
كەناڵەكەی بكەنەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە
رۆژنامەنووسان ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٤ی ئابی ٢٠٢٥) بڵاوی کردەوە" پاش
دەستبەسەركردنی كەناڵی زووم لە لایەن هێزێكی چەكدار، چارەنووسی كەناڵی زووم و
كارمەندانی لەبەردەم چەند ئەگەرێكە كە بەهێزترینیان دووبارەكردنەوەی ئەو
ماماڵەیەیە كە لەساڵی 2021 لەگەڵ كەناڵی iPLUS پەیڕەو كرا".
ئاماژەی بەوەکردووە" پاش
روبەڕوبوونەوە خوێناوییەكەی بەرەبەیانی (٢٢ی ئابی ٢٠٢٥)ـی شاری سلێمانی و
كۆنترۆڵكردنی ئۆفیسی سەرەكی بەرەی گەل و ماڵی لاهوری شێخ جەنگی، هێزێكی ئەمنی
هەڵیانكوتایە سەر ئۆفیسی كەناڵی زووم، بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی
پەخش و كۆمەڵێك لە ئامێری تریان زەوتكرد و گواستیانەوە. بە تەواوەتی جۆر و
ژمارەیان نازانرێت، ئەو هێزە جارێ لەناو ئۆفیسەكەدان كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی
نیشتەجێبوونی دەروازە ستی".
سەنتەری میترۆ دەڵێت" بەرلەوەی
هێزەكە ئۆفیسەكە كۆنترۆڵ بكەن پەیامیان بۆ ناردوون، كە هێزی چەكدار دێنە سەر
كەناڵەكە، پێش گەشتنی هێزە چەكدارەكە كارمەندانی زووم لە دەرەوەی بیناكە بوون".
هێمن مەحمود بەرێوەبەری كەناڵی زووم
بە میترۆی ووت "داوا دەكەین هێزە ئەمنییەكە كەناڵەكە چۆڵ بكەن و كەرەستەكانی
بگەڕێننەوە".