ئاسۆ فرەیدون لە نامەیەکدا بۆ بافڵ تاڵەبانی: خەڵکی سلێمانی ئاشتبکەرەوە

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی پەرلەمانی هێراق لە نامەیەکی ئاشکرادا روو لە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت"جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە ، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن ".

لە بەشێکی دیکەی نامەکەشیدا ئەو پارێزگارە پێشووەی سلێمانی دەڵێت" لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان ، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان ، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە "

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ئاسۆ فەرەیدون داوا دەکات کەیسی دەستگیرکراوەکانی لالەزار بەبێ دەستوەردانی سیاسی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و تاوەکوو مەتمانە بە هاولاتیان بەگەڕێندرێتەوە.

دەقی نامەکەی دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون


نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز / بافڵ جەلال تاڵەبانی

سڵاو و رێزی بێ پایانم ...

ساڵی ١٩٨٩ خوالێخۆشبووی خاڵم (موكەرەم تاڵەبانی) لەسەر ڕاسپاردەی حكومەتی ئەوكاتەی عێراق دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ بینینی خوالێخۆشبوان (مام جەلال) لەشاری لەندەن و (عەزیز محمد) لە شاری پراك ، بە مەبەستی دروستكردنی دەرچەیەك بۆ دانوستان لەدوای شاڵاوی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ .

هەر لەوسات و وەختەدا ئامۆزایەكمان بەناوی (پیرۆت تاڵەبانی) لەگەڵ كاك (كەمال شاڵی) لای حكومەتی عێراق دەسگیركرابوون و حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەركرابوو ، (موكەرەم تاڵەبانی) داوای لێخۆشبوون و ئازادكردنی حوكمدراوەكانی لەلای رژێمی لەناوچوو كرد.

سەدام حسێن : ئەم گیراوانە تۆمەتبارن یان تاوانبار ؟

موكەرەم تاڵەبانی : بێگومان لە دیدی تۆدا تاوانبارن ، بۆیە هاتووم داوات لێ ئەكەم لێیان ببوریت و بیانبەخشیت .

لەپاشان ، ئازاد كران . *(لە بیرەوەریەكانی موكەرەم تاڵەبانیەوە)

( الأمثال تضرب و لاتقاس)

لەو ڕووبەڕو بونەوەی شەوی ٢١/٢٢ مانگی ئاب ، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد ، شەوێكی كەم وێنەبوو كەبە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو .

هەموو ئەوانەی لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە ، وە باوەڕمان وایەكە كە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی ئەدات .

لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریەوە و بە حوكمی دۆستایەتی نێوانمان و وە بەو پێیەی جەنابتان جگە لەوەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن ، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیان ، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف و ئەركی هەیە ، وەك پارێزگاری پێشووی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، داواكارم لە بەرێزتان :

١/ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە ، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن .

٢/لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان ، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان ، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە .

٣/ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، وون بوو و قوربانی و كوژراو لە ئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە ، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و ڕاستی مان و نەمانیان بە كەسوكار و خانەوادەكانیان بووترێت ، وە كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت ، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن .

٤/ رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبکەن و دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بە دادگاكانمان.

٥/ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە .

لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی کەلەڕابردوو ڕوویاندا ، متمانەو خەمخۆری و سەقامگیری لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات ، جگە لە درووستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا .

سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان.

د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق




PM:03:28:01/09/2025