حكومەتی هەرێم: سبەینێ دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك

سبەینێ سێشەممە، دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك بێ بەرانبەر، حكومەتی هەرێمیش دەڵێت" تائێستا چوار ملیۆن و ٦٣٨ هەزار و ٦٧٢ كەس لە هەرێمی كوردستان فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئەیلول فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، بە تێكڕا ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا فۆرمەكانیان پڕكردووەتەوە 86% بووە، ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییانیش لە شارەكانی هەولێر: ٨٨%، سلێمانی: ٨٧%، دهۆك: ٨٣% و هەڵەبجە: ٨٩% بووە.

سەبارەت بەو كەسانەی تا ئێستا فۆرمەكەیان پڕنەكردووەتەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەكردووە كە چەند هۆكارێكی هەیە، ئەوانیش خۆی لە نەبوونی كارتی نیشتمانیی، بوونیان لە دەرەوەی وڵات، یان پشتگوێیان خستووە، یان نەشارەزان و توانای پڕكردنەوەی فۆرمەكەیان نییە، یان دوورەدەستن و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پسولەی خۆراك لە شارەكانیان بكەن و فۆڕمەكە پڕبكەنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە ئێستادا بەشی پێنجەمین بەشەخۆراك بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت لەسەر لیستی مانگی حەوت، بەڵام بەشە ئاردی حەوتەم لەسەر لیستی نوێ دابەش دەكرێت و بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو، ٨ ملیۆن و ٨٤٧ هەزار و ٧٥٠ كیلۆگرام ئارد لەسەر ئاستی هەرێم بڕاوە.

بڕیارە لە بەشی شەشەمی خۆراك، كە لەسەر لیستی مانگی هەشت دەبێت، بڕی كەمكردنەوەی كەلوپەلە خۆراكییەكان بەم شێوەیە بێت، بۆ هەر كەسێك، ٣ كیلۆ برنج، لیترێك زەیت، كیلۆیەك شەكر، نیو كیلۆ نیسك، نیو كیلۆ ئارینۆك و ٤٠٠ گرام دۆشاو. دەبێت هاووڵاتییان ئاگاداری ئەوە بن، ئەو هاووڵاتییانەی بەشەخۆراكیان لێ دەبڕێت، ئەگەر دواتریش فۆرم پڕ بكەنەوە، قەرەبوو ناكرێنەوە و تەنیا لە مانگی داهاتوودا بەشەخۆراك و ئاردیان پێدەدرێت.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەشكردووە، دوای 2ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەبێت بە پارە، هەر خێزانێك كە فۆرم پڕ بكاتەوە، بڕی ١١ هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بە ڕێگەی كارتی بانكی، ئەو پارەیە دەچێت بۆ بەغدا و تۆمار دەكرێتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە تائێستا ئەم پرۆسەیە بەبێ بەرانبەر بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەسەر بڕیاری بەغدا، دوای ٢ی ئەیلوول، خزمەتگوزارییەكانی وەك گواستنەوە، زیادكردن و جیابوونەوەی خێزان، كارا دەبن. بۆ هەر یەكێك لەم خزمەتگوزارییانەش، بڕی سێ تا پێنج هەزار دینار بۆ هەر خێزانێك لە ڕێگەی كارتی بانكی وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش ڕاستەوخۆ بۆ بەغدا دەچێت.




PM:06:18:01/09/2025