حکومەتی هەرێم پاداشتی مامۆستایانی خانەنشین خەرج دەکات

حکومەتی هەرێم  رەزامەندی دەربڕی سەبارەت بە خەرجكردنی پاداشتی شەش مانگی مامۆستایانی خانەنشین.
 
سێشەممە ٢ی ئەیلول ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند" دوای بەدواداچوون و هەوڵەكانی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و لەرێگەی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان دوای ئەوەی بەنووسراوی فەرمی داوا لە فەرماهەنگی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی خەرج كردنی پاداشتی شەش مانگی مامۆستایانی خانەنشین لە سنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك و ئیدارەی سۆران و زاخۆ، خۆشبەختانە رەزامەندی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگیرا بۆ خەرجكردنی پاداشتی شەش مانگی مامۆستایانی خانەنشین".

دەشڵێت" بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكی حكومەتی فەرمانی رەزامەندی دەربڕیوە بۆ خەرج كردنی پاداشتی مامۆستایانی خانەنشین هاوشێوەی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی وهەلەبجەو ئیدارە سەربەخۆییەكانی راپەرین و گەرمیان".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و بڕیارە لە ماوەی سێ ڕۆژدا سەرجەم مووچەی مووچەخۆران دابەش بکرێت.




PM:05:25:02/09/2025